|
|
ئیبراهیم تاتڵیساس سوپاسی سه‌رۆك تاڵه‌بانی كرد
23 Apr 2010
سلێمانی، یونس - سه‌ناریا
به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی چه‌ندین یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌شاری سلێمانی، نیوه‌ڕۆی دوێنێ، ئیبراهیم تاتڵیساس هاوڕێ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری كۆمپانیای عادل ئه‌لموته‌حیده هاته شاری سلێمانی و له‌لایه‌ن عه‌بدوڵلای حاجی سه‌عید یاریده‌ده‌ری هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بۆ كاروباری بازرگانی پێشوازیلێكرا. سه‌ره‌تا له‌مه‌كته‌بی یاریده‌ده‌رانی سكرتێری گشتی له‌شاری سلێمانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیان به‌ڕێوه‌برد، عه‌بدوڵلای حاجی سه‌عید خۆشحاڵی خۆی به‌و پڕۆژه‌یه ده‌ربڕی به‌و و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ده‌رگای كوردستان بۆ هه‌موو لایه‌ك كراوه‌یه تا بێن له‌كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. پاشان ئیبراهیم وتی: من زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ی كه له‌كوردستان له‌گه‌ڵ كاك روژدی له‌كۆمپانیای عادل ئه‌لموته‌حیده به‌هاوبه‌شی ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌كه‌ین و من ده‌توانم وا له‌پیاوانی بازرگانانی توركیا بكه‌م كه بێنه سلێمانی و كاری وه‌به‌رهێنان ئه‌نجامبده‌ن، وتیشی: من ده‌زانم هاولاتیانی ئێره وه‌ك گۆرانیبێژێك منیان زۆر خۆشده‌وێت، ده‌شمه‌وێت له‌رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژانه‌وه زیاتر جێگه‌ی خۆم له‌دڵی هاوولاتیان بكه‌مه‌وه. له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیشیدا وتی: زۆر سوپاسی به‌رێز تاڵه‌بانیش ده‌كه‌م كه رایگه‌یاندبوو ئیبراهیم تاتڵیساس دێته سلێمانی و ده‌بێت هه‌موو كار ئاسانییه‌كی بۆ بكه‌ن، ئیتر بۆ له‌مه‌و دوا من پێیه‌كم لیره‌و ئه‌وی ترم له‌ئه‌سته‌نبوڵ ده‌بێت. هه‌روه‌ها به‌شداری له‌كردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێریش ده‌كه‌م و زۆر سوپاسی ئه‌و كۆمپانیایه‌ش ده‌كه‌م كهبانگهێشتی كردم بۆ ئه‌وه‌ی ئاهه‌نگێك له‌وێ ئه‌نجامبده‌م. ئیبراهیم وتیشی: گه‌وره‌ترین خه‌ونی من كه‌ركوكه‌و ئه‌و گۆرانی و حه‌یرانانه‌ی كه ده‌وترێن من زۆر حه‌زم لێیانه و گوێشیان لێده‌گرم. ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه پێنج ساڵ له‌مه‌و پێش هاتۆته كوردستان، به‌لام ئه‌وكاته وه‌ك ئێستا نه‌بووه، به‌بۆچوونی ئه‌و ئێستا كوردستان له (100%) گۆڕاوه. دواتر لهئهبوسهنا له‌كۆنگره‌یه‌كی تری رۆژنامه‌نووسیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه دوای چه‌ند رۆژێكی تر سیدییه‌كی نوێی بلاوده‌كاته‌وه‌و چه‌ند به‌رهه‌مێكی كوردیشی تیایه. |
|
|
|