سه‌ره‌تا‌|ئێمه‌|پۆکسوید‌|که‌رته‌کان|هه‌واڵ‌|چالاکی|په‌یوه‌ندی
avataravataravatar
avatar
22 Mar 2011
جەلال مەلا مستەفا
ئەو ساتانەی مێژوو شایەتێکی بە ویژدانە بۆ سلێمانی زۆر گیان و ڕۆحی دەرچوو نەمر ئەبن.....
avatar
6 Mar 2011
وه‌ستا سه‌لام
به‌ بۆنه‌ی یاده‌وه‌ری ساڵ رۆژی ڕاپه‌رینی شاری هه‌ولێر
avatar
22 Feb 2011
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
خۆپیشاندان و دایه‌لۆگ و چاکسازیی
avatar
19 Feb 2011
هێمن حـەسـمەن/ ســوید
ئۆپۆزسیۆنی بێ سەرکردە!
avatar
19 Feb 2011
بورهان ئه‌مین
ڕێگرتن له ‌قه‌یران
avatar
19 Feb 2011
شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن
ئارامی بۆ كۆمه‌لگاكه‌مان پێویسته‌
avatar
11 Feb 2011
به‌کرحه‌بیب
چۆن یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بگەیەنینەوە لوتکە؟
avatar
24 Jan 2011
هێمن حـه‌سـه‌ن/ سوید
ئۆپۆزیسۆن و دەسەڵات لەناو کایە سیاسیەکاندا!
 
avatar

ده‌قی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ‌

3 Jun 2010

روونكردنه‌وه‌یه‌كى پێویست
پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و راستییه‌یان لا یه‌كلابۆته‌وه‌ كه‌ به‌حوكمی متمانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌هه‌ردوولایان و هه‌ستیاریی بارودۆخی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان و هه‌بوونی كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی هاوبه‌شی ئه‌م قۆناغه‌و له‌پێناوی یه‌كڕیزی و رێكخستنی نێوماڵی كوردی و سه‌نگی كوردستان له‌پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق و هه‌رێمایه‌تیدا، به‌رپرسیارێتی زێده‌تر ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌مان، بۆیه‌ له‌27/7/2007دا به‌ئیمزای به‌ڕێزان جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ستراتیژییان راگه‌یاند.
بلاوكردنه‌وه‌ى ده‌قى ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان ئاگادارى راستگۆیى ئه‌و دوو حزبه‌ سیاسییه‌ى كوردستان و عیراق بن به‌رامبه‌ر به‌میلله‌ته‌كه‌یان كه‌ڕێككه‌وتنى نێوانیان ته‌نیا رێككه‌وتنی دوو حزب نییه‌، به‌ڵكو چووه‌ چوارچێوه‌یه‌كى سیاسى و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنى هه‌ردوولایه‌ بۆ یه‌كگرتوویى حكومه‌تى هه‌رێمء تۆكمه‌ى گوتارى سیاسیمان له‌پێناو پاراستنى ئاسایشى هه‌رێمء به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆرو گه‌شه‌پێدانى بیرى نه‌ته‌وه‌یى له‌سه‌ر بنه‌ماى دیموكراسى و مۆدێرن، هه‌روه‌ها دابینكردنى ئازادییه‌كانى تاك و كۆمه‌لا و زامنكردنى مافى نه‌ته‌وه‌و ئایینء مه‌زهه‌به‌ جیاوازه‌كانى كوردستان.
شایانی باسه‌ له‌دوای ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌هاوكاریى حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى دیكه‌ى كوردستان، به‌شێكی زۆری بڕگه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ جێبه‌جێكراون و پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانێتی له‌هه‌رێمی كوردستاندا پێشكه‌وتنی به‌رچاویان به‌خۆوه‌بینیوه‌. ئێستا له‌هه‌رێمدا یه‌ك حكومه‌ت هه‌یه‌و وه‌زاره‌ته‌كانی وه‌كو دارایی و پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ یه‌ك وه‌زاره‌تن و له‌لایه‌ن یه‌ك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن.
لێره‌دا ده‌قی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بلاوده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ڕاستی رێككه‌وتنێكی ستراتیژییه‌و هه‌موو پرۆسه‌ی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌لایه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌مانی له‌وه‌رچه‌رخانێكی مێژووییدا خسته‌سه‌ر راسته‌ڕێی خۆی و به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان و ئازادی و یه‌كگرتوویی و تۆكمه‌یی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تیمان شكایه‌وه‌و ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌چنینه‌وه‌.
له‌به‌ر هه‌ستیاریی بارودۆخی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان و هه‌بوونی كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی هاوبه‌شی ئه‌م قۆناغه‌و به‌حوكمی متمانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌هه‌ردوولامان و مێژوو و خه‌بات و قوربانیی چه‌ندین ساڵه‌ له‌پێناو ئامانجه‌ ره‌واكاندا، قورسایی زێده‌تر ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌ردوولامان، به‌تایبه‌تی به‌هه‌ڵواسراویی مانه‌وه‌ی چه‌ند كێشه‌یه‌كی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی دیكه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان. له‌به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق و هه‌ڵوێستی هه‌رێمایه‌تی، یه‌كڕیزی و رێكخستنی نێوماڵی كوردی سه‌نگی كوردستان له‌پرۆسه‌ی سیاسیدا به‌سوودی گه‌له‌كه‌مان گرانتر ده‌كات.
هه‌روه‌ها له‌پێناوی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم و هاندانی هزری نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی دوور له‌توندوتیژی و دابینكردنی ئازادییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵ و مسۆگه‌ركردنی مافی نه‌ته‌وه‌ و ئایینزاكانی كوردستان و پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی ئافره‌ت و منداڵ و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌لایه‌تی و به‌رهه‌ڵستكاریی تیرۆرو چه‌سپاندنی حوكمی یاساو به‌ره‌و به‌مه‌ده‌نیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ كه‌تێیدا هه‌موو داموده‌زگاكانی هه‌رێم به‌شێوه‌ی موئه‌سه‌ساتی به‌ڕێوه‌بچن و به‌ره‌و پیری قۆناغی جیاكردنه‌وه‌ی ئایین له‌ده‌وڵه‌ت و بازاڕی ئازادو پته‌وكردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ گشت دۆسته‌كانی راسته‌قینه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان به‌تایبه‌تی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و گۆڕینی باری ئێستای كوردستان و حزبه‌ سیاسییه‌كانی بۆ بارێكی یاسایی باشتر بۆ پێكه‌وه‌ژیانی سروشتی.
(یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان) و (پارتی دیموكراتی كوردستان) ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ راده‌گه‌یه‌نن:-
یه‌كه‌م:
لایه‌نی سیاسی و تیۆری:
-1ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یمانێكی سیاسی، نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی كوردستانییه‌ كه‌تێیدا وتاری سیاسیی كورد له‌سه‌ر ئاستی به‌رژه‌وه‌ندیی بالا ره‌نگ بداته‌وه‌، به‌دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانی بزاڤی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌ییمان و پشتگیری و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
-2پابه‌ندبوونی هه‌ردوولا به‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌هه‌موو ئاسته‌كانی قه‌واره‌یی، سیاسی، ئیداری و كۆمه‌لایه‌تی ده‌گرێته‌وه‌ به‌هه‌موو ناوه‌ندو ئۆرگان و ڕه‌گه‌زه‌كانییه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا تا گه‌یشتن به‌قۆناغێكی دیكه‌ی سیاسی كه‌خواست و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌م قۆناغه‌ دێته‌دی.
-3هه‌ردوولاو له‌ژێر پاساوی ته‌یاری فكری سیاسی نابێت ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ به‌لاوه‌ بنێن، به‌ڵكوو ده‌بێت پابه‌ند بن، له‌هه‌موو كۆنفرانس و كۆنگره‌كانیشدا ره‌چاوی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكه‌ن.
-4پته‌وكردنی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان.
دووه‌م:
لایه‌نی په‌رله‌مانیی:
-1رێكخستنی فراكسیۆنی هه‌ردوولا بۆ ئاسانكردنی درووستبوونی یه‌كده‌نگی له‌سه‌ر یاساو پرۆژه‌كان و ده‌نگدان له‌سه‌ریان، هه‌روه‌ها باشتر چاودێریكردنی حكومه‌ت.
-2هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌یه‌ك لیست ده‌بێ و ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌نجومه‌ن و سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌كان و ئۆڵۆمپی به‌پێی ته‌وافوق و ته‌وازن.
سێیه‌م:
له‌ڕووی حكوومه‌ته‌وه‌:
-1ژماره‌ی وه‌زاره‌ته‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌، به‌پێی پێویست ته‌رشیقی حكومه‌ت بكرێت له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌و چاو بخشێنرێته‌وه‌ به‌بودجه‌ی حكومه‌تدا به‌جۆرێك كه‌ به‌شه‌ هه‌ره‌ زۆره‌كه‌ی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌لایه‌تی و خوێنده‌واریی و ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزاریی بێت.
-2حوكمڕانیی حكومه‌ت هه‌موو هه‌رێم بگرێته‌وه‌ نه‌ك ئیجازه‌ له‌پارتی و یه‌كێتی وه‌ربگرێ بۆ به‌دواداچوونی حوكمڕانی خۆی و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی خۆی و ده‌ستكاری له‌دامه‌زراوه‌كانداو هه‌موو بابه‌ته‌ په‌یوه‌نداره‌كان.
-3یه‌كخستنی وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌و دارایی و ناوخۆو ده‌زگاكانی ئاسایش پێش كۆتایی ساڵی 2007، بۆئه‌وه‌ی یه‌ك حكومه‌تیی مانای خۆی بدات به‌ته‌واوی.
-4شكاندنی دیواری تاكه‌ لایه‌نی له‌ئیداراتی كوردستاندا هه‌ر له‌خانه‌قینه‌وه‌ تا زاخۆ به‌ته‌وافوق و ته‌وازن و ئیعتیمادكردن به‌پره‌نسیپی كفائات.
چواره‌م:
-1هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌سه‌ر ئاستی عیراق له‌پێناوی چه‌سپاندنی حوكمی فیدرالی دیموكرات و پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی نیشتمانی له‌سه‌ر ئاستی عیراق و دابینكردنی موشاركه‌ی راسته‌قینه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی حوكم و هه‌ڵسوڕاندنی كاروباره‌كانی سیاسی و ئابووری و نه‌وت و عه‌سكه‌ری و په‌یوه‌ندییه‌كانی عه‌ره‌بی و ئیقلیم و جیهانی.
-2به‌گژاچوونی تیرۆریزم و گێره‌شێوێنی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌حوكمی قانوون بۆ دابینكردنی ئاشتی و ئارامی و سه‌روه‌ریی ده‌ستوورو قانوون.
-3دانانی پاڵێوراوی ژیر و كاراو به‌تواناو زمانزان بۆ په‌رله‌مانی عیراق له‌لیستی هاوبه‌شدا.
-4هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌كان و فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌ی كوردستان له‌كابینه‌ی به‌غدا به‌ڕه‌چاوكردنی تواناو ته‌وازن و لێوه‌شاوه‌یی.
پێنجه‌م:
له‌ڕووی په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌وه‌ و دیبلۆماسییه‌وه‌:
-1یه‌كخستنی نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌و ده‌ستنیشانكردنی كه‌وادری لێهاتوو له‌م بواره‌دا.
-2یه‌كهه‌ڵوێستی له‌كاری په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی عیراق و ولاته‌ ئیقلیمییه‌كان و نێوده‌وڵه‌تیدا.
-3یه‌كهه‌ڵوێستی له‌هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردستانی له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌.
شه‌شه‌م:
میكانیزم و چاودێری:
-1دامه‌زراندنی هه‌یئه‌تێكی كارگێڕیی هاوبه‌ش له‌چه‌ند ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی هه‌ردوولا بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌.
-2هه‌مان دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی لق و مه‌ڵبه‌نده‌كانیش دابمه‌زرێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی دێنه‌پێش.
-3سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌ش و دامه‌زراوه‌ی هاوبه‌ش ئه‌ركیانه‌ رۆحی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ شۆڕبكه‌نه‌وه‌ خوارێ بۆ ناو رێكخستنه‌كانی هه‌ردوولا به‌ به‌ستنی كۆڕو سیمینار له‌هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كاندا به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌ش.
-4هه‌ردوولاو هه‌موو پێكهاته‌كان نابێت خۆیان له‌جیاتی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كان دابنێن، به‌ڵكو هه‌موو پشتگیرییه‌ك بۆ حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم دابینبكه‌ن.
-4سزادانی هه‌ر كادرێك له‌هه‌رلاوه‌ دژی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ بن.
حه‌وته‌م:
له‌ڕووی راگه‌یاندنه‌وه‌:
*له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم
پابه‌ندبوون به‌ئه‌خلاقیاتی رۆژنامه‌گه‌ری و راگه‌یاندن، به‌سایته‌كانیشه‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای یاساو رێكخستنه‌وه‌ی یاسای باری راگه‌یاندنی هه‌رێم و په‌له‌كردن له‌ده‌ركردنی پرۆژه‌یاساكان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.
*له‌سه‌ر ئاستی راگه‌یاندنی هه‌ردوو حزب:
-1دامه‌زراندنی هه‌یئه‌تێكی راگه‌یاندنی هاوبه‌ش بۆ ئاماده‌كردنی وتاری یه‌كگرتووی راگه‌یاندن.
-2ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌ یه‌كخراوه‌ له‌كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن، رادیۆكان، رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا.
-3رێگه‌ نه‌دان به‌هه‌ر هزر یان زاراوه‌یه‌ك له‌ڕاگه‌یاندنی هه‌ردوولا كه‌هانده‌ری دژایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌ردوولای تێدا بێت.
هه‌شته‌م:
له‌ڕووی نه‌هێشتنی كێشه‌ی پاشماوه‌كانی قۆناغی رابردوو:
-1چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خانووبه‌ره‌و زه‌وی و زاری خه‌ڵك كه‌ به‌بڕیاری هه‌ردوولا زه‌وتكراون یان دابه‌شكراون.
-2یه‌كخستنه‌وه‌ی یاساكان و ته‌علیماتی هه‌ردوو ئیداره‌ی پێشوو به‌ته‌واوی و نه‌هێشتنی ئاسه‌واره‌كانی قۆناغی له‌تبوون.
له‌كۆتاییدا، ده‌بێت ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ كاریگه‌ریی ئه‌رێنی (ئیجابی) هه‌بێت بۆ نه‌هێشتنی باری گرژی و زاڵبوونی گیانی یه‌كڕیزی و ته‌بایی و چه‌سپاندنی باری ئاسایش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌كاركردن له‌جیاتی ئه‌و ململانێیه‌ی به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ماننالاند، رێگه‌گرتن له‌هه‌لپه‌رستان و سه‌نگه‌رگۆڕه‌ بێ بنه‌ماكان. هه‌روه‌ها ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی رێگه‌گرتن له‌پره‌نسیپی په‌نجا به‌په‌نجاو نابێته‌ هۆی به‌رته‌سك بوونه‌وه‌ی ئازادیی سیاسی و دیموكراتی، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌روه‌كو له‌ده‌ستووری كوردستاندا هاتووه‌.
هیوادارین ئه‌م یه‌كڕیزیی و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌ ببێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رێكخراو و دامه‌زراوه‌ دیموكراتییه‌كان پتر به‌گه‌ڕ بخرێن و پشتیوانی بكرێن و نابێ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ببێته‌ ئه‌گه‌ری به‌هێزبوونی ئۆپۆزسیۆنی نه‌رێنی (سلبـی) له‌كوردستاندا یان له‌ژێر سایه‌یدا گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداریی حه‌شار بدرێن، به‌ڵكو پێویسته‌ نه‌خشه‌یه‌كی ژیرانه‌ی بۆ دابنرێت بۆ له‌ڕه‌گ و ریشه‌ هه‌ڵكه‌ندنی گه‌نده‌ڵیی سیاسی و ئیداریی. هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ ناساندنی ئه‌و جینۆسایده‌ی دژ به‌گه‌لی كورد كراوه‌ به‌دنیا.
بۆیه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌ڕوانگه‌ی دڵسۆزی بۆ گه‌ل و نیشتمان و دروستكردنی متمانه‌ی پتری جه‌ماوه‌ر به‌پێویست ده‌زانین.

Start | Contact | PUKswed © 2018| Powerd by  Helanet Solutions
Home Contact