سه‌ره‌تا‌|ئێمه‌|پۆکسوید‌|که‌رته‌کان|هه‌واڵ‌|چالاکی|په‌یوه‌ندی
avataravataravatar
avatar
22 Mar 2011
جەلال مەلا مستەفا
ئەو ساتانەی مێژوو شایەتێکی بە ویژدانە بۆ سلێمانی زۆر گیان و ڕۆحی دەرچوو نەمر ئەبن.....
avatar
6 Mar 2011
وه‌ستا سه‌لام
به‌ بۆنه‌ی یاده‌وه‌ری ساڵ رۆژی ڕاپه‌رینی شاری هه‌ولێر
avatar
22 Feb 2011
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
خۆپیشاندان و دایه‌لۆگ و چاکسازیی
avatar
19 Feb 2011
هێمن حـەسـمەن/ ســوید
ئۆپۆزسیۆنی بێ سەرکردە!
avatar
19 Feb 2011
بورهان ئه‌مین
ڕێگرتن له ‌قه‌یران
avatar
19 Feb 2011
شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن
ئارامی بۆ كۆمه‌لگاكه‌مان پێویسته‌
avatar
11 Feb 2011
به‌کرحه‌بیب
چۆن یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بگەیەنینەوە لوتکە؟
avatar
24 Jan 2011
هێمن حـه‌سـه‌ن/ سوید
ئۆپۆزیسۆن و دەسەڵات لەناو کایە سیاسیەکاندا!
 
avatar

پـیـاوه‌تـی لـه‌سـه‌ر ئــــاوی حــه‌مــام!

5 Jan 2011

سه‌لاحوددینی موهته‌دی‌

ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگام لێیه‌ –ئێوه‌ش هه‌ر وه‌ك من وان- هیچمان نه‌مانبیستووه‌ كه‌حیزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی گه‌لی كورد به‌رنامه‌یه‌كیان هه‌بێ بۆ داوای سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ له‌عیراق، هیچكامیشیان نه‌یاندركاندووه‌ كه‌گوایه‌ نه‌خشه‌ ده‌كێشن بۆ هێرش بردنه‌ سه‌ر كه‌ركوك و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی.
كه‌وابوو (نیۆیۆرك تایمز) هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی چییه‌تی كه‌ده‌ڵێ له‌م دوو حاڵه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌، هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له‌گه‌لا كورد تێكده‌چێ؟
گه‌لی كورد ناچار نییه‌ خه‌ون و ئاره‌زوه‌كانی خۆی بشارێته‌وه‌ و حاشایان لێبكا. سه‌ربه‌خۆیی مافی ره‌وای هه‌موو گه‌لێكه‌ و ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر رۆژی خۆی هات، مایه‌ی شانازییه‌ نه‌ك شه‌رمه‌زاری. هه‌روه‌ها كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌كوردستان و به‌درێژایی مێژووی به‌شه‌ریه‌ت و ساغبوونه‌وه‌ی گۆی زه‌وی و له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ كورد هه‌یه‌ و كوردستان هه‌یه‌ له‌ناو هه‌ناوی كوردستاندا بووه‌ و جوگرافیاش به‌ ئیراده‌ و ئاره‌زوی كه‌س ناگۆردرێت.
له‌زۆر كۆنتریشه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی كه‌كورد له‌م ولاته‌ نیشته‌جێ بوبێت و گه‌لانی دیكه‌ لێی ژیاون، كه‌ركوك به‌شێك بووه‌ له‌و گه‌لانه‌ و نیشتمانه‌كه‌یان و تا ئێستا كه‌س وه‌بیری نایه‌و شایه‌دی نادا كه‌ له‌شوێنی خۆی گوێزرابێته‌وه‌!!
راستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ی كورد ئاوات و ئاره‌زووه‌كانمان نه‌گۆڕاوه‌، به‌لام چه‌رمه‌سه‌ره‌ی رۆژگار و شه‌ڕه‌شه‌قی زه‌مانه‌، ئه‌زموونی زۆری پێبه‌خشیوین. ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ند كه‌ له‌خه‌زانه‌ی بیره‌وه‌ری كه‌م میلله‌تی دیكه‌دا هاوتا و بارته‌قای ده‌ست ده‌كه‌وێ. ئێمه‌ له‌نیشتمانپه‌روه‌ری و كوردایه‌تیدا هه‌مان پێشمه‌رگه‌ی پێشووین، به‌لام ئێستا باشتر ده‌زانین دنیا بایی چه‌نده‌ و به‌ده‌ست كێیه‌! ئێستا ده‌زانین باب و باپیران ناهه‌قیان نه‌بووه‌ كه‌ له‌وه‌رزشدا سێبازیان داهێناوه‌ تا ئه‌گه‌ر به‌بازێك نه‌گه‌یشتێی بیكه‌یه‌ دوو بازو سه‌ره‌نجام به‌ سێ باز بگه‌یه‌ جه‌مسه‌ری دیاریكراو.
له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ ئه‌و په‌له‌په‌ل و تاڵووكه‌ی كه‌خه‌سڵه‌تی كۆن و ته‌بیعه‌تی ناسراوی گه‌له‌كه‌مانه‌ ئێستا جێی خۆی داوه‌ به‌شێنه‌یی و شیعاری (نان پارو پارو ده‌خورێ و رێگاش هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌بڕێ)! ئه‌و قسانه‌ ته‌نیا په‌ند و ئه‌رزی ئه‌خلاقی نین، ده‌سكه‌وتی خه‌باتێكی دوور و درێژ و خوێناوی پڕ له‌ كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ن.
له‌سه‌ر ئه‌و حیسابانه‌، هه‌موو كه‌س ده‌زانێ و ره‌نگه‌ ئه‌مریكاش له‌ خه‌ڵكی دیكه‌ باشتر بزانێ كه‌ نه‌ به‌ ته‌مای جیابوونه‌وه‌ین و نه‌ خه‌یاڵی داگیركردن و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی زۆره‌ملانه‌َی كه‌ركوكمان هه‌یه‌. ئه‌ی ئه‌و قسه‌ و هۆشداریدانه‌ بۆ؟: عه‌ره‌ب ترساون و توركیاش ترساوه‌. شه‌پۆلی ئازادیخوازی و دیاریكردنی مافی چاره‌نووسی گه‌لان، ئوروپا و ئاسیا و ئه‌فریقای داگرتووه‌. له‌ هه‌موویان نزیكتر و له‌به‌ر چاوتر چاره‌نووسی جنوبی سوودان و ریفراندۆمه‌كه‌یه‌تی كه‌ چوارگۆشه‌ی جیهانی هه‌ژاندووه‌ و ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ش به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكا و ئوروپا پشتیوانی لێده‌كه‌ن. ئایا دوای سوودان نۆره‌ی كوردستانه‌؟ ئه‌مریكا ده‌زانێ هاوپه‌یمانانی داگیركه‌ری رۆژهه‌لاتی، دڕدۆنگ و زامدار و ره‌نجاون و ده‌یه‌وێ به‌و هاوپه‌یمانانه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت و دڵنیایان بكات كه‌ نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌ی، بۆ عیراق به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌. راستیش ده‌كا چوونكه‌ كورد خۆی نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ی وای به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌. ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر روودانی وه‌زعێك ده‌كا كه‌ ئه‌م وه‌زعه‌ نه‌هاتۆته‌ رۆژه‌وی سیاسه‌تی عه‌مه‌لی گه‌لی كورده‌وه‌ و به‌م تاكتیكه‌ -كورد كوته‌نی- پیاوه‌تی له‌سه‌ر ئاوی حه‌مام ده‌كا!!
به‌لام ئه‌مریكاش ده‌زانێ كه‌ نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ی گه‌لان به‌ گوێره‌ی توانا و ده‌رفه‌ت ده‌گۆڕدرێ و ئه‌وه‌ی رۆژێك به‌ خه‌یاڵی كه‌سدا نه‌هاتووه‌، بۆ سبه‌ینێ ره‌نگه‌ ببێته‌ ئه‌مری واقیع. بۆیه‌ كوردیش ماناوه‌ی هه‌تاهه‌تای بارودۆخی ئێستای، بۆ كه‌س په‌نجه‌مۆر نه‌كردووه‌ و هه‌ر خوا خۆی ده‌زانێ دوا رۆژی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ عه‌بده‌ی خۆی كه‌ جگه‌ له‌ عه‌بدایه‌تی ئه‌و، ساڵه‌هایه‌ و سه‌ده‌هایه‌ عه‌بدی میلله‌تانی دوور و دراوسێ بوون، به‌كوێ ده‌گا و كه‌ی كۆت و به‌ندی دیلی ده‌پسێنن؟!
جا لێره‌دایه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌بێ بزانێ –ره‌نگه‌ زۆر چاكیش بزانێ- ئه‌گه‌ر هه‌لێك هه‌ڵكه‌وت و ئه‌گه‌ر كورد هه‌لومه‌رجی له‌بار بوو، ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ستوبازوی خۆی رادیت، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی حوكمی كرد، ئه‌گه‌ر دڵنیا بوو له‌سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتن، ئیتر نه‌پرس به‌كه‌س ده‌كا و نه‌ گوێ بۆ هاوپه‌یمان و دۆستی نیوه‌ڕێ راده‌گرێ.
نیۆیۆرك تایمز چاك ده‌زانێ و ده‌یان نوێنه‌ر و په‌یامنێرو وێنه‌كێشی له‌سودانه‌و به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیاوه‌، ئه‌مریكا پشتیوانی له‌ گه‌لی جنوبی سودان ده‌كا و ئێمه‌ش پشتیوانی له‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌ین و پیرۆزبایی پێده‌ڵێن بۆ ئه‌م عه‌داڵه‌تخوازییه‌. میلله‌تی جنوبی سوودان كه‌ نه‌ عه‌ره‌به‌ و نه‌ موسوڵمان، هه‌قی خۆیه‌تی له‌ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌تێك بێته‌ده‌ر كه‌ به‌ زه‌بری شمشێر ساڵه‌هایه‌ له‌ژێر ركێفی خۆی رایگرتووه‌ و فه‌رهه‌نگ و دین و سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌سه‌ریدا سه‌پاندوه‌ و ده‌یسه‌پێنێ. ئه‌گه‌ر هه‌فته‌ی داهاتوو، ئه‌و گه‌له‌ بڕیاری سه‌ربه‌خۆییدا ئێمه‌ی كورد پیرۆزبایی لێده‌كه‌ین، به‌لام له‌نیۆیۆرك تایمز ده‌پرسین جیاوازی چییه‌ له‌ نێوان (جنوبی سودان) و (شیمالی عیراق)؟
ئه‌و كاره‌ی له‌لایه‌ك ره‌وایه‌ و حه‌لاڵ، بۆ بۆ لایه‌كه‌ی دیكه‌ ناڕه‌وایه‌ و حه‌رام؟ ته‌نیا یه‌ك وه‌لام هه‌یه‌ بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تان له‌سه‌ر هه‌موو رووداو و بابه‌تێك هه‌میشه‌ یه‌ك سیاسه‌تیان نییه‌.
سیاسه‌تی بینه‌لمله‌لی به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌مووه‌ دیعایه‌ و راگه‌یاندن و روونكردنه‌وانه‌ی له‌ دونیا بۆی ده‌كرێ، له‌سه‌ر پره‌نسیپی ئه‌خلاقی و ئینسانی دانه‌مه‌زراوه‌ –ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش ناكه‌ن له‌ ئاغای كیسێجێر بپرسن- به‌ڵكوو نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ند و ته‌ماع و توانای ده‌وڵه‌تانه‌.
پره‌نسیپه‌كان و قانوونه‌كانیشی كه‌ به‌ شانازی و ئاب و تابه‌وه‌ له‌ زانكۆ و كۆلێجه‌كانی جیهان ده‌خوێندرێ و پێیدا هه‌ڵده‌گوترێ، به‌دیهێنه‌ر و دابینكه‌ری ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندانه‌یه‌ كه‌ جیهانی شارستانییه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ دوو توێی هه‌زاران كتێب و كه‌لامدا كۆی كردۆته‌وه‌ و له‌ راستیدا زۆرانبازی و ململانێ و ساتوسه‌ودای سیاسه‌تی، قانوونمه‌ند و قابیلی ئیحترام كردووه‌. هه‌ركات ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گۆڕا، هه‌زاران كتێب و ریساله‌ی دیكه‌ دێته‌ ده‌ر تا قانوونی تازه‌ به‌ گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تازه‌ بگونجێنێ.
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ور و زه‌مان گۆڕا، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بووینه‌ یاریزانێكی ژیر له‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا، ئه‌گه‌ر هێز و وزه‌ی سه‌ربازی و سیاسی كورد توانای به‌ ئامانج گه‌یاندنی میلله‌ته‌كه‌ی خۆمانی هه‌بوو، سه‌ره‌نجام ئه‌گه‌ر دیكتاتۆرێكی ملهوڕی شه‌ڕفرۆش و تیرۆریست په‌روه‌ری وه‌ك سه‌دام و به‌شیر حوكمی كوردستانی – هه‌ربه‌شێك له‌ كوردستانی- به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ئه‌و كات نیۆیۆرك تایمز ئه‌وه‌ی ئه‌ورۆ بۆ جنوبی سودانی نووسیوه‌، سبه‌ینێ بۆ شیمالی عیراقیشی ده‌نووسێ.
له‌گۆڕه‌پانی فوتباڵی كورده‌واریدا جارێ نۆره‌ی خۆگه‌رمكردن و خۆڕاهێنانه‌، بۆ سبه‌ینێش خوا ده‌مێنێ و مولكی!!

Start | Contact | PUKswed © 2018| Powerd by  Helanet Solutions
Home Contact